ڕاوێژکاریی پووتین و ئامانۆ لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی
سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەدیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جەختی کرد لەسەر هۆگریی مۆسکۆ بۆ بەردەوام کرانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) .
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئینتەرفەکس، ئەمڕۆ دووشەممە هاوکات لەگەڵ ڕاوێژکاریی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ڕووسیا لە مۆسکۆ، ڤلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە شاری سوچی، میوانداری یوکیا ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بوو.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پووتین لەدیداری ئامانۆ پێی داگرت لەسەر هۆگریی مۆسکۆ بۆ پێبەندمانەوەو درێژەی پێبەندبوون بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.
پووتین هەروەها ڕێزی گرت لە ئامانۆ لەبەر بەشداربوون لە ئەتۆم ئێکسپۆ٢٠١٨ کە بەڕێوەبەرەکەی کۆمپانیای دەوڵەتیی ڕووس ئەتۆمە.
ئەو کۆگە نێودەوڵەتییە لەمڕۆوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەشاری سوچی ڕووسیا بەڕێوە دەچێ.
ڤلادیمیر پووتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێشتریش وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی لەبارەی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، پێی داگرتووە لەسەر گرینگیی پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە.
ئامانۆش پاش بڕیاردانی ئەمریکا بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، جارێکی دیکە پشت ڕاستی کردەوە کە بەگوێرەی ڕاپۆرەکانی پشکنینی بەردەوامی ئاژانس، ئێران هەموو بەڵێنییە ناڤۆکییەکانی بەگوێرەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی جێ بەجێ کردووە.