ئامادەیی ڕاگەیاندنی مۆسکۆ بۆ وتووێژ بەمەبەستی پێشگرتن بە بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ناتۆ
کاربەدەستێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بە مەبەستی پێشگرتن بە بەرەوڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) وتووێژەکانی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیەدا پەرە پێ بدات.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیتارتاس « ئلێکساندێر گروشکۆ- Alexander Grushko» یاریدەری وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند: ڕووسیاو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ھۆکاری پێویستیان بۆ پێشگرتن بە ڕووداوی مەترسیداری سەربازی ھەیەو مۆسکۆ ئامادەیە لەم بوارەدا وتووێژەکان پەرە پێ بدات.
ئەم دیپلۆماتە باڵایەی ڕوسیا پێی داگرتووە: ھۆکاری زۆر لە ئارادایە بۆ ئەوەی پێش بگیردرێت لە سەرھەڵدانی ڕووداوی مەترسیداری سەربازی.
گروشکۆ وتیشی: مۆسکۆ ئامادەیە لە ئاراستەی بەرەپێش بردنی لێک گەییشتنی دوولایەنە ھەنگاو ھەڵگرێت و لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ وتووێژ بکات.
بە قسەی گروشکۆ، ڕووسیا زیاتر لە دە ڕێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا ھەیە کە ھەر ھەموو ئەو ڕێککەوتنانە ھاوپەیوەندن بە بابەتگەلی ئاسمانی و زەوینییەوە.
ئەم کاربەدەستە ڕووسیە ئەوەشی وەبیرھێناوەتەوە کە وڵاتەکەی چەند ساڵ لەمەوپێش ژمارەیەک بژاردەی لە بارەی چۆنیەتیی بەھێز کردنی میکانیزمە ھاوپەیوەندەکان لە ڕێگای کەناڵە دوولایەنەکانەوە داوەتە ناتۆ.
دوابەدوای ئاڵ و گۆڕەکانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ و پەرەسەندنی ئامادە بوونی ناتۆ بە تایبەت ئەمریکا لە نزیکی سنوورەکانی ڕووسیا، بەرەوڕوو بوونەوەی سەربازییانەی ھەردووک لا تەشەنەی سەندووە.