پێداگریی فەرەنسا لە سەر نایاسایی بوونی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ئاماژە بە نایاسایی بوونی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران، رایگەیاند کە وڵاتانی ئەورووپایی هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ دیتنەوەی مێکانیسمێکی دراوی لەگەڵ ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم؛ "ژان ئیڤ لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی سێشەممە وتی؛ پاریس هاوڕێ لەگەڵ ئەڵمان، بەریتانیا، چین و ڕووسیا خەریکی هاوکاری سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران)ـن؛ لەبەر ئەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو ڕێککەوتنەیە و بڕوای وایە کە ئەوە ڕێککەوتنێکی باشە.
لۆدریان بە ئاماژە بە دوازدەهەمین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتیشی؛ ئێمە دەبێ پێش بە لاواز بوونی ئەو ڕێککەوتنە بگرین و بە ئێرانیش دەڵێین: پێبەندی ئەو ڕێککەوتنە بە، ئێمەش پێبەندی دەبین."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتیشی؛ ئێران خوازیاری کاریگەری و قازانجەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە لەوان دەسەڵاتی بازرگانی و ئەمریکایش بەو بایکۆتانەی بە سەر ئێرانی داسەپاندووە دەیهەوێ پێش بە چالاکیی کۆمپانییە غەیرە ئەمریکاییەکان لە ئێران بگرێ کە ئەو کردەوانەی ئەمریکا بەدەر لە چوارچێوی سنوورەکانی خۆی بە هیچ لەونێ یاسایی نییە.
لۆدریان جەختی کرد: ئەمریکاییەکان بۆچونیان ئەوەیە کە بە وەبن گوشارنان لە ڕێگای بایکۆت کردنەوە، دەتوانن ببنە هۆی گۆڕینی حکومەتی ئێران کە ئەورووپا بۆچوونی بە پێچەوانەی ئەوەیە و دەزانێ کە ئێران لە وەها ڕەوشێکدا خۆراگرییەکی یەکجار گەورەتر دەکات و هاوڕێ لەگەڵ ئەوەش بزوێندرانی هەستی سەربەرزی ئێرانی و نیشتمانپەروەریی ئێرانی بە خۆیەوە دەبینێ.
ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و هەوڵی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ دیتنەوەی مکانیسمی دراوی لەگەڵ ئێران لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستایش هەر چاوەڕێی هەنگاوی بە کردەوەی ئەورووپایەکانە.
"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە ئاماژە بەوەی کە دانوستانی نێوان ئێران و ئەورووپا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەر بەردەوامە جەختی کرد: پێشنیارەکانی ئەورووپا تا بە ئێستا بۆ ئێمە بەس نەبووە و ئێران هێشتا گەرەنتی و دەستەبەریی پێویست و بە کردەوەی وەرنەگرتووە.