دەرکرانی بڕیاری بەرایی دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی، یەکەم ھەنگاوی سەرکەوتووانەی ئێران لە ململانێی مافەوانی لەگەڵ ئەمریکادا
دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی وێڕای پشتڕاست کردنەوەی شیاوەتیی خۆی بۆ ڕاگەییشتن بە سکاڵای ئێران دژی ئەمریکا، واشێنگتۆنی ئەرکمەند کرد بە ھەڵگرتنی بەرتەسکییەکانی مرۆڤدۆستانەو ئاسمانی ھەتا کاتی دەرکرانی بڕیاری یەکجاری.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ، دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی ڕۆژی چوارشەممە بۆ ڕاگەیاندنی بڕیاری کاتیی خۆی سەبارەت بە داخوازییەکانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ پەیمانی دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا، کۆ بووەوە.
عەبدولقەوی یوسف سەرۆکی دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی وێڕای پیاداچوونەوە بە ڕەوتی دەست ڕاگەییشتن بە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لەگەڵ ئێران و پاشان کشانەوەی ئەمریکا لەم ڕێککەوتنە بە فەرمانی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەو گەڕاندنەوەی بایکۆتە یەک لایەنەکان دژی ئێران وتی: بە پێی پەیمانی دۆستایەتیی ١٩٥٥ی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەگەر بێتوو ھەردووک وڵاتەکە پێکەوە ناکۆکییەکیان ھەبێت و ئەو کێشەیەش لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر نەکرێت، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی و لە بارەی پرسی ڕێککەوتنی ناڤۆکیش ھەردووک مەرجەکە ئاماژە پێکراوەکە بوونی ھەیە و ھەر لە بەر ئەمەش دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی لەو باوەڕەدایە کە شیاوەتیی پێویستی بۆ ڕاگەییشتن بەم دۆسیەیە ھەیە.
عەبدولقەوی یوسف سەرۆکی دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی وتیشی: بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی ھێندێک لە بەرتەسکی و بایکۆتەکان لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ھاوردە کردن لە ئێرانەوەو ئاڵ و گۆڕی دراڤی لەگەڵ ئەم وڵاتە، خۆی لە خۆی دا بەرتەسک کردنەوەی مافەوانیانەی ئێران لە ڕووی پەیمانی دۆستایەتییەوە دێتە ئەژمار.
عەبدولقەوی یوسف سەرۆکی دیوانی نێونەتەوەیی دادەڤانی وێڕای قەبوڵ کردنی بەڵگەکانی ئێران ڕایگەیاند: بایکۆتە ئەمریکییەکانی دژی ئێران بۆی ھەیە زیانی قەرەبوو نەکراوی لێ بکەوێتەوەو وا ھەڵدەگرێ ھێندێک ھەوڵی کاتی بخرێتە نێو فەرمانی کارەوە.
عەبدولقەوی یوسف قسەکانی نوێنەرانی ئەمریکای لە بارەی ئەمەی کە واشێنگتۆن ھەوڵ دەدات ئەو بایکۆتانەی شوێنێکی نەرێنیی مرۆڤانە لە سەر ئێران دانەنێت بە کەم زانی.
دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و گەڕاندنەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی ئەم وڵاتە دژی ئێران، تاران لە لای دادگەی نێونەتەوەیی دادەڤانی سکاڵای دەربڕیوە.