پێداگریی نوێنەرانی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر پێویستیی پێداچوونەوەی واشنگتۆن بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستان
دانپێدانانی رژیمی عەرەبستانی سەعوودی بەکوژرانی "جەمال خاشقچی" هەژدە رۆژ پاش بێ سەروشوێن بوون لە کۆنسولخانەی ریاز لە ئەستەمووڵ، بووەتە هۆ هەتا ژمارێک لە ئەندامانی پەرلەمانی سێنا و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا جەخت بکەن لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ عەرەبستان و ڕاگرتنی داکۆکییەکانی واشنگتۆن لە شەڕی یەمەن.
سەرباری بانگەشەی حکومەت و میدیاکانی رژیمی سەعوودیا لەمەڕ چوونەدەری جەمال خاشقچی لە کۆنسولخانەی ڕیاز لە ئەستەموڵ لە دووی ئۆکتۆبر پاش ئامادەبوون لەو دەزگە دیپلۆماتیکییە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دادئەستێنی گشتیی پاشایەتی عەرەبستانی سەعوودی سەرەنجام پشت ڕاستی کردەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە کوژراوە.
بەپێی ئیدیعای دادئەستێنی عەرەبستانی سەعودی ئەنجامی لێکۆڵینەوە بەراییەکان واپێشان ئەدا، لەنێوان خاشقچی و کەسانێک کە رۆژی دووی ئۆکتۆبر لەگەڵ ناوبراو لەنێو کۆنسولخانەی سەعودیا لە ئەستەمووڵ دیداریان کرد، تێکهەڵچوون ڕووی دا کە کوژرانی رۆژنامەنووسی سەعوودی لێکەوتەوە.
لەهەمان کاتدا، ئەندامانی باڵای دیموکراتی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پەرلەمانەکانی سێناو نوێنەران، گێڕانەوەی ڕیاز لەبارەی کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی ڕەخنەگری رژیمی سەعوودی لە تورکیایان ڕەت کردەوە.
"کریس مۆرفی" سێناتۆری باڵای دیموکراتەکان و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێنای ئەمریکا، لەکاردانەوە بە دانپێدانانی ریاز بە کوژرانی خاشقچی خوازیاری "پێداچوونەوەی بنەڕەتی" بوو بە پەیوەندیی نێوان واشنگتۆن و ڕیاز.
ئەو یاسادانەرەی خەڵکی ئەیالەتی "کنتیکێت" کە یەک لە ڕەخنەگرانی سەرسەختی "شەڕی یەمەن" و درێژەی داکۆکییەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی سەعوودی-ئیماراتی بووە، تەنانەت گەڵاڵەیەکیشی بۆ ڕاگرتنی فرۆشی چەک بە ڕیاز بە کۆنگرێس پێشنیار دا بەڵام نەگەیشتە چ ئەنجامێک.
"بێرنی سەندرز" سێناتۆری سەربەخۆی ئەمریکیش کاردانەوەی پێشان دا بە بەیاننامەی عەرەبستانی سەعوودی و ناوبراویش وەک مۆرفی جەختی کرد لەسەر پێویستیی پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیازدا.
بێرنی سەندرز وتی: "دەبوو پێشتر تاووتوێ کردنێکی دووبارەمان کردبا لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا-عەرەبستان و لەخۆمانمان پرسیبا ئاخۆ ئێمە خەریکی بردنەپێشی بەرژەوەندیی و بەهاکانمانین".
"ئێلیزابێت وارێن" یەکێکی دیکە لە ئەندامانی باڵای دێموکراتی سێنای ئەمریکا کە هەردەم یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەبەر پەلاماری زارەکی ترامپدا بووە لە وتاردانەکانی، خوازیاری ڕاگرتنی فرۆشی چەک بە عەرەبستانی سەعوودی بوو.
"جەک رید" سێناتۆری دێموکرات و کەسی دووهەمی کۆمیتەی کاروباری چەکداریی سێنای ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێرانی ئەمریکی لەبارەی پێویستیی کۆتایی هاتنی داکۆکییەکانی واشنگتۆن لە پەلامارە ئاسمانییەکانی ڕیاز بۆسەر یەمەن قسەی کرد.
بەقسەی جەک رید، ئەمریکا جیا لە دۆسییەی جەمال خاشقچی، "دەبێ سووتەمەنی گەیاندن بە فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی لە یەمەن ڕابگرێ".
لەڕوانگەی ئەو سێناتۆرە پلەبەرزە، پاش "لێکۆڵینەوەیەکی تۆکمەو سەربەخۆ" لەبارەی کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە ، لەوانەیە فرۆشی چەک بە عەرەبستانی سەعوودی بەرتەسک بکرێتەوە.
"جێف مێرکلی" یەکێکی دیکە لە سێناتۆرە دێموکراتەکان بۆ ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستەکانی واشنگتۆن لەهەمبەر ڕیازدا وتی: "ئێستا داکۆکی کردنمان لە عەرەبستانی سەعودی، واشنگتۆنی خستووەتە بەر مەترسی".
"ڕۆ خانا" ئەندامی دێموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئەیالەتی کالیفۆرنیا کە یەک لە یاسادانەرانی چالاک لەمەڕ بەرتەسک کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵایساندنی شەڕ بووە، لەبارەی عەرەبستانی سەعوودی و یەمەن لێدوانێکی جێ سەرنجی بووە.
رۆ خانا وتی: "بەبڕوای من، ئێستا سەرنجی بیروڕای گشتی ئەمریکا بەجۆرێک ڕووی کردۆتە عەرەبستان کە ڕاستبێژانە بڵێم کوژرانی ١٦٠٠٠ کەس لە یەمەن قەت ناتوانێ ببێتە هۆی گرینگیدانی خەڵکی ئەمریکاو ئەو پرسە بە لێکدانەوەیەکی دووبارەو بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عەرەبستانی سەعودی دەچێتەپێش".
"ستێنی هۆیەر" یەکێک لە ڕێبەرانی باڵای دێموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە لە ڕەخنەگرانی نوێی شەڕی یەمەن و داکۆکییەکانی واشنگتۆن لەو شەڕە بووە، خوازیاری تاووتوێی بەوردیی پەیوەندیی واشنگتۆن لەگەڵ ریازدا بوو.
ڕەخنەو گازندە لەبارەی کوژرانی خاشقچی، بە دێموکراتەکان بەرتەسک نابێتەوەو کۆمارییەکان لەوان "باب کرۆکەر" سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی سێنا و"لیندسی گراهام" شیکارییەکانی ڕیازیان بەقەبووڵکراو نەزانیوە بەڵام کۆشکی سپی ئەو گێڕانەوە بە"جێی باوەڕ" دەزانێ.