پاریس : تیرۆریستانی فەرانسی مافی گەڕانەوەیان نییە
وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا،پێی داگرت: ھیچ گەڕانەوەیەک بۆ تیرۆریستانی فەرانسی لە سووریاو عێراقەوە لە کادا نییە.
«ژان ئیو لۆدریان» وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا لە وتووێژێکی تایبەتی دا لەگەڵ ڕۆژنامەی « وێست فرانس» وتی: ئەوانەی وا فەرەنسین و لە ڕیزەکانی داعش دا شەڕیان کردووە، لە ڕاستی دا لەگەڵ فەرانسەدا شەڕیان کردووە، کەوا بوو دوژمنن، ئەوانە دەبێ ھەر لەو شوێنانەی وا تووشی تاوان و ھاتوون واتە عێراق و سووریا دادگایی بکرێن.
وەزیری دەرەوەی فەرانسا وتیشی: «ئەگەرچی داعش، دوایین مۆڵگەکانیشی لە عێراق و سووریا لە دەست داوە، بەڵام لە ئێستاش دا ھەر مەترسی و ھەڕەشەیە لە سەر سەقام و پاوەجێیی، چونکو شانە نووستووەکانی ڕوو لە پەرەیەو لە وڵاتانی دیکەدا لە سەر دڕندەکارییەکانی بەردەوامە.
«ژان ئیو لۆدریان» وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا ھەروەھا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھێشتا کارایە ، وتیشی: کۆمەڵێک وڵاتی ڕۆڵگێڕیش ھەن کە لە کردەوەی ڕێک و پێکی ئەم ڕێکخراوەیە ھیچ قازانجێک ناکەن و ئەمە ئەمریکاش دەگرێتەوە کە تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوەو لەو. باوەڕەدایە کە دەستەڵات پێوەری دیاری کردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و دەوڵەتەکانە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی فەرانسا وێڕای ڕەخنەگرتن لە ڕوانگەی ڕووسیاو چین بەرامبەر بە ڕێکخراوەی نەتەوەکان بانگەشەی کرد: ڕووسیاش ھەچکاتێک پێی خۆش نەبێت چالاکییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕادەگرێت و مافی ڤیتۆی خۆی بەکاردێنێ، ھەڵبەت چینیش ھەروایە.
جێگای ئاماژەیە فەرانسا لە سێ ڕۆژ لەمەوبەرەوە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی بە ئەستۆ گرتووە.