پوتین: وڵاتانی ڕۆژئاوایی با پێشینەی ھەوڵ و چالاکییەکانیان لە بارەی ئێڕانەوە نەخەوشێنن
سەرۆک کۆماری ڕووسیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە پێشینەی ھەوڵ و چالاکییەکانیان لە بارەی ئێڕانەوە نەخەوشێنن.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕووسی سپۆتنیک، «ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە لە نێو ئاپۆڕەی ھەواڵنێرانی میداکانی دەرەوە، داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد پێشینەی ھاوکارییەکانیان لە بارەی ئێڕانەوە کە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجامی لێ کەوتووەتەوە، نەخەوشێنن.
پوتین وتیشی: پشتگریی ھیچ ھەنگاوێکی دژی ئێران ناکەین و لەم بارەیەوە لەگەڵ ھاوبەشەکانمان ڕاوێژ دەکەین ھەتا ڕەزامەندیان کەین بەوەی کە ئەو ھەنگاوانەی وا ھەڵیدەگرن نەبنەھۆی تێکچوونی ئەم کەشە ئەرێنییەی ناوچەکە.
«ڤلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتیشی: لە ڕووی کۆنترۆڵ و چاودێریی بەرنامەی ناڤۆکیی وڵاتانەوە، ئێران وڵاتێکە کە زیاترین بەستێنی بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستییەکان خۆش کردووەو ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکیش لە پشکنین و سەردانەکانی بۆ ئێران تەنانەت یەک لادانیشی لە بڕگەکانی نێو ڕێککەوتنی بەرجام لەو وڵاتە نەدیوە.
ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە درێژەی پانزە ڕاپۆرتی بەردەوام لە کاتی ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی بەرجامەوە، پێبەند بوونی ئێران بە تەواوی بەڵێنەکانی نێو ڕێککەوتنەکە پشتڕاست کردووەتەوەو تازەترین ڕاپۆرتی ئەم ناوەندەش حەوتەی ڕابردو بڵاو کرایەوە.
دوابەدوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نێونەتەوەیی بەرجام و بێ بەڵێنیی لایەنە ھەنوکەپابەندەکانی ئەم ڕێککەوتنە لەمەڕ ڕاپەڕاندنی ئەستۆگرییەکانیان، کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەشتەمی مای ٢٠١٩ سوک کردنەوەی بەشێک لە بەڵێنمەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا ڕاگەیاند.
جێگای ئاماژەیە مانگی مای ساڵی ٢٠١٨ ھاوکات لەگەڵ کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، باسی وەڕێ خرانی میکانیزمێکی دراڤیی تایبەت بۆ ئاسانکاری لە بواری سات و سەوداو بازرگانیی کۆمپانیا بچوک و گەورەکانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران ھاتە ئاراوە، لەو کاتەوە ھەتا ئێستا ئەورووپا ھەمو جارێک تاپۆ کردنی ئەم میکانیزمە بە بیانووی جۆربەجۆر پەک پێ دەخات. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بە پێی بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران بۆی ھەیە ھەرکات بایکۆتەکان بگەڕێندرێنەوە، بڕێک لە بەڵێنەکانی خۆی سوک کاتەوە.
بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە. ئەم وڵاتانە سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان،ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەھێناوە.