لاڤرۆف: ڕۆژاوا واز لە فڕوفێڵەکانی لەبارەی کردەوەکانی ئوکرایین بێنێ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پاش دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی؛ ڕووسیا داوای لە ڕۆژاوا کردووە واز لە فڕ و فێڵەکانی لەبارەی کردەوەکانی ئوکرایین بێنێ.
سێرگی لاڤرۆف ڕۆژی هەینی پاش دیداری لەگەڵ ئانتۆنی بلینکێنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: ڕووسیا داوای لە ناتۆ کردووە تا هێزەکانی و چەک و کەرەستەی جەنگی خۆی لەو وڵاتانەی لەوان بولگاریا و رومانیا کە پێش ساڵی ١٩٩٧ ئەندامی ناتۆ نەبوون، بباتە دەرەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ چەندین کۆبوونەوەی ئاسایشیی بەڕێوە بردووە کە بێ دەسکەوت بوون.
پێش کۆبوونەوە ئاسایشییەکانی مۆسکۆ و ڕۆژاوا، ڕووسیا پێشنووسی پێشنیارەکانی خۆی ئاراستە کرد کە بریتی بوون لە دوو داخوازی هاوپێوەند بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتە، پێشگری بە پەرەسەندنی زیاتری ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و دوورخرانەوەی چەک و کەرەستەی جەنگیی ئەم جەمسەرە سەربازییە لە سنووری ڕووسیا، کە بەرەوڕووی نەیارەتیی لایەنی ڕۆژاوایی بوویەوە.
ڕۆژاوا و کییەف ئەمدواییە بانگەشەگەلێکیان سەبارەت بە پەلاماری شیمانەیی ڕووسیا بۆسەر ئوکرایین بڵاو کردۆتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕووسیا لێبڕاوانە ئەو بانگەشەیان ڕەت کردۆتەوە بەڵام سەبارەت بە بەردەوام بوونی پەلامارە تۆپخانەییەکانی ئوکرایین بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆبەڕێوەبەر ڕووس زمان وشدارییان داوە.