کەوتنەژێر ئاوی پێنج گوند لە ویلایەتی «نیمڕوز»ی ئەفغانستان
پێنج گوند لە ویلایەتی «نیمڕوز»ی ئەفغانستان کەوتنەژێر ئاو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، سەرچاوە خۆجێییەکانی پارێزگای «نیمڕۆز» لە باشووری ڕۆژئاوای ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە، بەهۆی لافاوەوە گوندەکانی بەندەر، قەڵەمیر، کەرەکتی، کۆهکار و ڕۆدین لە شارستانی «چوار بورجەک»ی ئەم پارێزگایە کاول بوونە.
ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوەش کردووەتەوە، ئەو گوندانە چۆڵکراون و 150 خێزان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ئەنجامی ئەو لافاوانە زیاتر لە هەزار و 200 دۆنم زەوی کشتوکاڵیی ئەو گوندانەش وێران بوونە و زیانێکی زۆری داراییش لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کەوتووە.
پێشتر «خەلیل رەحمان رەحمانی» وەزیری کۆچ لە حکومەتی کاتیی تاڵیبانی ئەفغانستان رایگەیاندبوو: لە لافاوەکەی ئەم دواییەی ئەفغانستاندا 200 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار خانوو وێران بووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ئەفغانستان هۆشداری داوە کە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە ناوچە جیاجیاکانی ئەفغانستان لە چەند کاژێری داهاتوودا هەیە.