بایدن: دۆخی ئێستای ئیسرائیل ناتوانێت بەردەوام بێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە نائارامیی بەربڵاوی سەرزەوییە داگیرکراوەکان وتی: ئەم دۆخە ناتوانێت بەردەوام بێت.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، «جۆ بایدن» سەرۆکی ئەمریکا، شەوی سێشەممەی ڕابردوو، وێڕای نیگەرانی دەربڕین لە ھەمبەر نائارامیی بەربڵاو لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین دوای بڕیاری کابینەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی دادوەریی ئەم ڕژێمە، هیوای داری دەربڕی کە «ناتانیاهۆ» واز لەو بڕیاریەی بهێنێت.
«جۆ بایدن» لە درێژەدا وتی: ئەمریکا بەنیازی ئەوە نییە دەستوەردان لە سیاسەتی ناوخۆی ئیسرائیلدا بکات و دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ئیسرائیل ناتوانێت بەردەوام بێت و ئیسرائیلییەکان دەبێت بژاردەیەک بدۆزنەوە بۆ دەرچوون لەم دۆخە.
شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممەی ڕابردوو «بنیامین ناتانیاهۆ» لە وەڵامی لێدوانەکەی «جۆ بایدن» سەبارەت بە قەیرانی سیاسیی سەرزەوییە داگیرکراوەکان وتی: ئیسرائیل لەسەر بنەمای فشارە دەرەکییەکان بڕیار نادات.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان ناڕازین لە هەندێک ڕێوشوێنی کابینەکەی نەتانیاهۆ لەوانە بەرنامەی چاکسازیی دادوەری و ئەمەش ناکۆکیی لە نێوان واشێنگتۆن و تەلەبیب دروست بووە.
بڕیاری کابینەکەی «بنیامین ناتانیاهۆ» بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی دادوەریی ڕژێمی زایۆنی، گرژی و ناکۆکیی سیاسی لە نێوان هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارو فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتەوە و بووەتە هۆی خۆپیشاندانی بەربڵاو لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان.