بەردەوامیی ململانێکان لە سودان
سوپای سودان پێگەی هێزەکانی کاردانەوەی خێرای بۆردومان کرد.
فڕۆکەشەڕکەرەکانی سوپای سودان پێگەی هێزەکانی کاردانەوەی خێرایان لە ناوچەی "ئەلکەدور" کە دەکەوێتە باکووری «خارتومی بەحری»یەوە بۆردومان کرد. سەرچاوەکانی هەواڵ پێشتریش باسی بیستنی دەنگی تەقەی چەکی قورسیان کردبوو لە ناوەڕاست و باشووری خارتومی پایتەختی سودان و فڕینی فڕۆکەشەڕکەرەکان بەسەر ئەم شارەدا.
هاوکات «محەمەد حەمدان دەقلۆ» فەرماندەی هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سودان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند: پێمان وایە چەسپاندنی ئاگربڕێکی کاتی بەهۆی کێشە مرۆڤییەکانەوە پێویستەو ئەمەش دەتوانێت وەک پردێک بێت بۆ چارەسەریی هەمیشەیی ململانێکانی سودان.
ململانێکانی ئەم دواییەی سودان ھەتا ئێستا زیاتر لە هەزارو ٨٠٠ کوژراوی لێکەوتووەتەوە. ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی سودان ئاوارە بوونە و ٣٠٠ هەزار سودانیش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٥ی ئاپریلەوە شەڕی چەکداری لە سودان لە نێوان هێزەکانی سوپا بە فەرماندەیی "عەبدولفەتاح ئەلبەرهان" و هێزەکانی کاردانەوەی خێرا بە فەرماندەیی "محەمەد حەمدان دەقلۆ" ناسراو بە حەمیدەتی دەستی پێ کردووە.