کانونی یه‌که‌م 07, 2023 15:00 Asia/Tehran

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دوایی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی خۆیدا سەبارەت بە هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی دژی خەڵکی بێ دەرەتانی غەززە ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنی بە چەکی ئەمریکایی لەم هێرشانەدا جەنایەتیی جەنگی ئەنجام داوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی توێژینەوەیەکی نوێی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سوپای ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل لە دوو هێرشی ئاسمانی مەرگهێن و نایاسایی بۆ سەر ماڵی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، کەرەستەی جەنگی سازکراوی ئەمریکای بەکارهێناوە و بەم چەشنە واشینگتۆنیش ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لەم هێرشەدا. ئەم ڕێکخراوەیە ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکانی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم هێرشە ئاسمانیانە هێرشی ڕاستەوخۆ بوون کە بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی و کەسایەتیی ناوداری مەدەنییان کردۆتە ئامانج و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ڕێکخراوەکە داوای کردووە لێکۆڵینەوە لەو هێرشانە بکرێت وەک "جەنایەتی جەنگی". ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردووە کە دوابەدوای دوو هێرش کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٤٣ هاوڵاتی مەدەنی لەوان ١٩ منداڵ و ١٤ ژن و ١٠ پیاو، پارچەگەلێکی دیاریکراوی ئەو چەکانەی لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون لە نێو داروپەردووی خانووە وێرانبووەکانی ناوەڕاستی غەززە دۆزراونەتەوە و ڕزگاربووانی ئەم دوو هێرشە بە لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییان وتووە کە بە پێچەوانەی بانگەشەی کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسراییل، پێش هێرشەکە هیچ وشدارێکیان لەبارەی هێرشی بەمزوانە پێنەگەیشتووە و هیچ نیشانەیەک لە بوونی ئامانجی سەربازیش لە شوێنی ئەو دوو هێرشە نەدۆزراوەتەوە.

ئەو دوو هێرشەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون یەکیان هێرشی فڕۆکەی جەنگی ئیسراییل بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی ئەلنەجار لە دێرولبەلح لە 10ی ئۆکتۆبەر بوو کە بووە هۆی کوژرانی 24 کەس و ئەوی دیکەیش پەلاماری هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەر لە ٣١ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر بنەماڵەی "ئەبو موعیلەق" بوو هەر لە هەمان شاردا کە ئەوەش ١٩ شەهیدی لێکەوتەوە.

ئێنیاس کالامار، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: بەکارهێنانی تەقەمەنی و چەکی دروستکراوی ئەمریکا لەلایەن سوپای ڕژێمی ئیسراییلەوە لە هێرشە نایاساییەکانی کە لێکەوتەی کوشندەیان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە هەبووە، پێویستە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە حکومەتەکەی بایدێن بزرینگێنێتەوە، چونکە چەکی دروستکراوی ئەمریکا بووە بە چەکی کوشتنی بەکۆمەڵی بنەماڵەی فەلەستینی لە غەززە، کەوایە ئەمریکا دەبێ کۆتایی بێنێ بە ناردنی ئە چەکانەی بۆ ئیسراییل کە فەلەستینییەکانی پێ دەکوژرێن.

سەرپەیڤ