جەختکردنەوەی ئێران لەسەر پێویستیی سزادانی ڕژێمی زایۆنی
باڵوێز و جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: چاوەڕوان دەکرێت دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕێگە نەدات ئەنجامدەرانی تاوانە قێزەونەکان لە غەززە بێ سزا بمێننەوە.
زەهرا ئیرشادی بە ئاماژەدان بە تاوانەکانی دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە وتی: ئەو تاوانانەی لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا ئەنجام دراون بە ڕوونی هەموو ماکەکانی تاوانە هەرە قورسەکان، واتە تاوانەکانی جەنگ، جینۆساید و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە خۆ دەگرێت. نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەکرێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونانە بێ سزا نەهێڵێتەوە؛ نەتەوەی فەلەستین کە زیاتر لە ٧٥ ساڵە تووشی داگیرکاریی ستەمکارانە بووە، لە لێواری جینۆساید و لەناوچووندایە .
ئیرشادی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەبێ سەربەخۆ و بێ لایەن بجوڵێتەوە، ڕوونی کردەوە: ئەو پارێزبەندییە بێشەرمانەیەی لایەنگران و بەهێزکەران بۆ ڕژێمی زایۆنییان دروست کردووە، هەمیشە ئەم ڕژێمەی بێ باک کردووە لە ئەنجامدانی تاوانی دڕندانە لەو پەڕی ئەرخەیانیی ڕەها دا.
جێگری نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەیە بۆ پاراستنی دادپەروەری و پێشگرتن لە سزانەدران. بەم پێیە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ سزادانی تاوانە دڕندەکان، بەرەوپێشبردن و بەدیهێنانی دادپەروەری قەزایی و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی دۆخی فەلەستین دەکات.