May 16, 2024 16:30 Asia/Tehran

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی تونددا خوازیاری ڕاگیرانی خێرای هێرشی سەربازیی رژێمی زایۆنی بۆسەر رەفەح بوو و وشداریی بە سەرانی ئەو رژێمە دا، هێرش بۆسەر ناوچەیەک کە زیاتر لە یەک ملوێن ئاوارەی فەلەستینی تێدا حەواوەتەوە، گوشارێکی زۆر دەخاتەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.

"جۆزێپ بۆرێل" لەو بەیاننامەدا وتی: ئەو هێرشە، دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە، زیاتر پەک پێ دەخاو پەرتەوازەیی زیاتر، کەوتنەبەر مەترسیی قات وقڕی و ڕەنج و مەینەتی مرۆیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. پتر لە یەک ملوێن کەسی سیڤیل لە رەفەح و دەورووبەری حەواونەوەو پێیان وتراوە، بەرەو ئەو ناوچانە کۆچ بکەن کە بە وتەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتوانرێ پێیان بگوترێ ناوچەی هێمن.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە: یەکێتی ئوروپا داوا لە ئیسرائیل دەکا، خۆببوێرێ لە شپرزەکردنی زیاتری رەوشی مرۆیی لە غەززەو دەروازەی ڕەفەح ئاوەڵا بکا.

ئەگەر ئیسرائیل درێژەبدا بە پەلاماری بۆسەر رەفەح، بەناچار گوشارێکی زۆر دەخرێتەسەر پەیوەندییەکانی یەکێتی ئوروپا لەگەڵ ئیسرائیل. ئیسرائیل دەبێ بەپێی مافە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان، کارئاسانی بکا بۆ هاتنی بێ کەندو کۆسپی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی.

سەرپەیڤ