کوژرانی سەرکردەی داعش لە مووسڵی ئێراق
سەرکردایەتی هەڵمەتی هاوبەشی هێزە ئێراقییەکان شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند: ئەبوو زەید لە سەرکردەکانی داعش لەگەڵ حەوت کەسی دیکە لە تیرۆریستان لە کەرتی کۆنی مووسڵ لە باکووری ئێراق کوژراون.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ئەبوو زەید لەنزیک مزگەوتی جامعی شێخ الشەت لە کەرتی کۆنی مووسڵ کوژرا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بە تێکشکێنران و لەناوبرانی دواسەنگەرەکانی داعش و پاکتاوکرانی بەتەواوەتی بەشی کۆنی مووسڵ، ئەو شارە پاش هەزار و ١٢٢ ڕۆژ بەتەواوەتی ڕزگار کراو ئاگری چەکئامێرەکان کپ کراو سەرکردە مەیدانییەکان چاوەڕوانی بەیاننامەی فەرمیی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراقن.
ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی مووسڵ لە ١٧ ی ئۆکتۆبرەوە دەس پێ بووە.
بەپێی هەواڵێکی دیکە لە مووسڵ، خێزانی قوربانیانی تەقینەوەی مین لەباشیک، باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ و ڕێکخراوە خێرومەندەکان، خوازیاری خێراکردنی ڕەوتی پاکتاوکرانی بەتەواوەتی ئەو ناوچانە لە بۆمب ومینە دانراوەکان لەلایەن داعشەوە بوون.
چوارشەممەی ڕابردوودا تەقینەوەی مین لە ئاوایی "خورسبات" لە باشیک ، بووە هۆی کوژرانی سێ منداڵ و برینداربوونی کەسێکی دیکە.
گرووپی تیرۆریستیی داعش هاوکات لەگەڵ شکست هێنانەکانی لە گۆڕەپانی شەڕدا، دەستی کردووە بەدانانی بۆمب لە گشت ئەو شوێنانەی داگیری کردوون.