عەممار حەکیم: ئێران بەڕاست لە تەنیشت عێراقدا بوو
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا بەڕاست لە تەنیشت عێراقدا بوو.
سەیید عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق دوێشەو(هەینی) لەدیدارلەگەڵ عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، وتی: عێراق خوازیاری دامەزراندنی پەیوەندیی باشترە لەگەڵ دراوسێکانی بەتایبەت ئێران.
دوولایەن لەو چاوپێکەوتنەدا لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەو پەیوەندییەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێگاکانی پتەوکردنیشی، وتووێژیان کرد.
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق لە بابەتەکانی دیکەی باسکراو لە دیداری ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق بوو کە عەممار حەکیم بەئاماژە بە گۆڕینی ڕەوتی گرووپە سیاسییەکان لە هەڵوێست گرتنی تایفی بۆ دروشمگەلی نیشتمانی، لەبارەی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق هیواداری دەربڕی.
عەلی ئەکبەر وەلایەتی ، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بەمەبەستی ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی دامەزرانی کۆگەی لێک نزیک کردنەوە یان تەقریبی وەحدەتی ئیسلامیی عێراق و دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.