شوبات 15, 2026 18:10 Asia/Tehran
  • پەرلەمانتاری عێراقی: مالیکی تاکە کاندیدی چوارچێوی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی

وتەبێژی فراکسیۆنی "ئاوەدانی و گەشەپێدان"ی پەرلەمانی عێراق جەختی کرد لە سەر نەگۆڕبوونی هەڵوێستی چوارچێوی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدکردنی "نوری مالیکی" بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

  "فیراس موسلیماوی" ڕایگەیاند، فراکسیۆنی هاوپەیمانی "ئاوەدانی و گەشەپێدان" چاوەڕێی ڕێککەوتنی پارتە کوردییەکانە  لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکەیان بتوانێت مالیکی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بناسێنێ.
 ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: "نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تا ئێستاش تاکە کاندیدی سەرەکیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. دوای ئەوەی بڕیار لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری درا، ئەوکات پرۆسەی دەستنیشانکردنی ڕاستەوخۆ و بەبێ دواکەوتن بەردەوام دەبێت".
موسلیماوی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: "ئەوەی هەندێک لە میدیاکان ڕیکلامی بۆ دەکەن سەبارەت بە ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوو پارتە کوردییەکە لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتیی عێراق درووست نییە. ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە کوردییەکانەوە دەستمان کەوتووە تا ئێستا ئەم بابەتەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە". لەلایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە عێراق بڵاویان کردۆتەوە، حیزب و لایەنە کوردییەکانی عێراق لە وتووێژ و ڕاوێژدان بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە سەرۆکوەزیرانیی "نووری مالیکی.
 بەپێی ڕاپۆرتی شەفەق نیوز، بەرپرسانی باڵای کوردی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێوەندیکردن و هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر بە "نووری مالیکی" کاندیدی هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان" بۆ  پۆستی سەرۆک وەزیرانیی داهاتووی ئەم وڵاتە.
"ئەبوو میساق مەساری" سیاسەتوانی عێراقیش دەڵێ: سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هەوڵی زۆریان داوە بۆ گۆڕینی تێڕوانین و هەڵوێستی واشینگتۆن سەبارەت بە نووری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.
 بەگوێرەی هەواڵێکی دیکە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

 

سەرپەیڤ