ئادار 01, 2018 16:31 Asia/Tehran
  • پێداگریی وەزیری دەرەوەی ئێراق لە سەر هاوکاری لەگەڵ سووریا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم

وەزیری دەرەوەی ئێراق پێی داگرت لە سەر پێویستیی هاوکاری لە نێوان ئەم وڵاتە و سووریا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران' "ئیبراهیم جەعفەری" وەزیری دەرەوەی ئێراق لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی فەرمیی سووریا (سانا) بە ئاماژە بە پتەو بوونی پێوەندییە مێژووییەکانی دوو وڵات وتی: لە بەر ئەو پێوەندییانەی کە لە سەر بنەمای خاڵی هاوبەشی جوگرافیایی، مێژووی و قازانجی هاوبەش بنچینەیان داڕێژراوە، هاوکاریی نێوان بەغدا و دیمەشق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم تەواو پێویستە.

وەزیری دەرەوەی ئێراق ڕاشکاوانە رایگەیاند: بەغدا ڕێزێکی زۆر دادەنێ بۆ سووریا کە لە دراوسێتی وڵاتەکەماندایە و ساڵەهای ساڵ میوانداریی کردووە لە خەڵکی ئاوارەی ئێراقی و گرووپە سیاسییە ئێراقییەکان.

ئیبراهیم جەعفەری هەروەها بە ئاماژە بە خۆشەویست بوونی سووریا لە نێو خەڵکی ئێراقدا وتیشی: پێشوازیی گەرم و گوڕی سووریا لەو هەموو ئاوارە ئێراقییەی ڕوویان کردە ئەم وڵاتە بە بێ هیچ بڕو و بیانوو هێنانەوەیەک، لە کاتێکدا بوو کە زۆرێک لە وڵاتان سنووری خۆیان لە سەر ئاوارە ئێراقییەکان داخست.

هەزاران شارومەندی ئێراقی لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ٢٠١٤ و دوابەدوای ئەوەی  تیرۆریستان دەستیان گرت بە سەر بەشێکی زۆر لە خاکی ئێراق، ڕوویان کردە سووریا.

سەرپەیڤ