کانونی یه‌که‌م 27, 2018 09:03 Asia/Tehran
  • ھەڵوەشانەوەی دیداری سەرۆک کۆماری ئەمریکاو سەرکردەکانی عێراق

نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: دیدارو کۆبوونەوەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو سەرکردەکانی عێراق لە بەر ناکۆکی لە سەر شێوازی بەرپا کرانی دانیشتنەکە ھەڵوەشایەوە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی پێنج شەممە لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەییشتە بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق. داناڵد ترەمپ لەم سەردانە سێ کاژێرەیەی دا بەبێ ئەوەی چاوی بە عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بکەوێت، ئەو وڵاتەی بەجێ ھێڵا.

بەڵام کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ کە لە ناکاو سەردانی عێراقی کردووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتووێژی کردووە.

ھەر لەم حاڵەدا بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەست کەناڵی مەیادینی لوبنانی کەوتووە، سەرکردەکانی عێراق بە سەرۆک کۆماروو سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانەوە داخوازیی داناڵدترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکایان بۆ سەردانی شەوانەی بنکەی عەینولئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار ڕەت کردووەتەوە.

ترەمپ ھاوکات لەگەڵ گەییشتنی بە بنکەی ئاسمانیی عەینولئەسەد وتی: قەت بە تەمای کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نییە.

جەعفەر حسەینی وتەبێژی گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو قسانەی داناڵدترەمپ ڕایگەیاند: خۆڕاگریی ئەو وڵاتە، ئەمریکا پێملی کشاندنەوەی ھێزەکانی لە عێراق دەکات.

وتەبێژی گوردانەکانی حیزبوڵڵای عێراق وتیشی: سەردانی لەناکاوی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ بنکەی عەینولئەسەد لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق بەم واتایەیە کە ئەگەر سەردانەکەی لە میدیاکاندا بڵاو دەبوونەوە ھەستی بە ئاسایشت نەدەکرد.

سەرپەیڤ