حەشدی شەعبی، پەلاماری داعش بۆسەر پێگەیەکی سەربازی لە پارێزگای دیالی ئێراقی پووچەڵ کردەوە
هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق پەلاماری ترۆریستانی داعش بۆسەر یەک لە پێگەکانیان لە شاری خانەقین لە پارێزگای دیالی لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیان پووچەڵ کردەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلفوڕات، یەکەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق ڕایگەیاند: یەکەیێکی ئەو هێزانە سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممە وێڕای پووچەڵ کردنەوەی پەلاماری ترۆریستیی دەس وپێوەندییەکانی داعش لە شاری خانەقین، ترۆریستێکی خۆکوژی کوشت و کەسێکی دیکەی بریندار کرد.
یەکەی ئاسایشیی هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق هەروەها ئەمڕۆ سێ شەممە، دەستی داگرت بەسەر چەند بنکەی سەربازیی ساختە کە بەناوی حەشدی شەعبی لەناوچە جیاجیاکانی بەغدا چالاکیان ئەنجام دەدا.
حکومەتی عێراق دیسەمبەری٢٠١٧ رزگارکرانی خاکی ئەو وڵاتە لەچنگ گرووپی ترۆریستیی داعشی راگەیاند بەڵام چالاکیی پرژ و بڵاوی ئەندامانی ئەو گرووپە ترۆریستییە لەناوچە جیاجیاکانی عێراق بەتایبەت باکور، ڕۆژاوا و ناوچەکانی دەورووبەری بەغدا بەردەوامە.
هێزە ئاسایشییەکان و حەشدی شەعبیی عێراق لە چەندین هەڵمەتی هاوبەشدا تائێستا توانیویانە زۆرێ لە دەس و پێوەندییەکانی داعش لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بگرن و ژمارێک لەوانیش بکوژن.