توڕەیی ترامپ لە خۆپێشاندانی بەرفراوان لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێراق
سەرۆک کۆماری ئەمریکا کاردانەوەی پێشاندا بە خۆپێشاندانی بەرفراوانی خەڵکی عێراق لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس؛ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی سێ شەممە لەکاردانەوە بە خۆپێشاندانی بەرفراوانی جەماوەری عێراق لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەژمارەی تایبەتی خۆی لە توئیتەر نووسی: چاوەڕوانی ئەوەین عێراق لەهێزی سەربازیی خۆی کەڵک وەربگرێ بۆ پاراستنی باڵوێزخانەکەمان لەبەغدا و هەر ئەوەشمان بەئاگاداریی ئەوان ڕاگەیاندووە.
دۆناڵد ترامپ لەدرێژەی پەیامە توئیتەریەکەی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەتاوانباری بەڕێوەبردنی ئەو خۆپێشاندانە کرد.
هەزاران عێراقی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی شەهیدانی حەشدی شەعبیان بەڕێکرد کە لەئەنجامی پەلاماری دەسدرێژکارانەی سوپای ئەمریکا بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار شەهیدکران و لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گردبوونەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕی.
خەڵکی ناڕازی وێرای ڕاگەیاندنی مانگرتن لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەمریکا خوازیاری داخرانی و دەرکرانی هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە بوون.
میدیاکان هەواڵی چوونەدەری ژمارێک کارمەندی سەرەکیی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدایان بڵاوکردەوەو ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی ئەمریکی نزیک بە هەشتا کارمەندیان گواستۆتەوە هەولێر لە کوردستانی عێراق.