کوژرانی دەیان داعشی لە ھێرشی فڕۆکەکانی سوپای عێراق
سەرکردایەتیی ھەڵمەتی ھاوبەشی عێراق باسی خاپوورکرانی حەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعشی کرد لە ھەڵمەتی فڕۆکەکانی سوپای ئەم وڵاتەو کوژرانی دەیان کەس لەو تیرۆریستانە.
تەحسین خەفاجی وتەبێژی ھەڵمەتی ھاوبەشی عێراق لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: فڕۆکەکانی سوپای عێراق ڕۆژی شەممە لە ھەڵمەتێکدا لە چیای حەمرین خەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعشیان بوردومان کردووە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لەم ھەڵمەتەدا تەواوی تیرۆریستانی نێو حەشارگەکە کە داگری دەیان تیرۆریستی داعشی بوونە کوژراون. خەفاجی ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ھێزەکانی ئاسایشتی عێراق ھەروا بەردەوامن لە سەر پشکنین و گەڕان بەدوای بەرماوەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە بۆ ئەوەی ئڵنیا بن کە ئەندامە ھەڵاتووەکانی ئەم تاقمە تیرۆریستییە ھەمیسان نابووژێنەوەو ھێرشی تازە ئەنجام نادەن.
سەرباری شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ھێشتاش کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ڕوویان لە کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە کردووە.
تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا کۆتایی پێ هاتووە.