ئاب 17, 2020 09:57 Asia/Tehran
  • کازمی بۆ هەرێم : رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێگای وەزارەتی داراییەوە داوای لە حکوومەتی هەرێم کردووە ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ بکات.

 

بە پێی هەواڵی مێهر، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوە کردووە کە "لەسەر بنەمای رێککەوتن و پەیوەندییە چڕەکانی نێوان هەردوولا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران داوای کردووە پشت ببەسترێت بەو رێککەوتنەی کە کراوە".

حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، شاندی دانوستانکار هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و گفتوگۆی پێویست لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

 ئەوەش بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە و دانانی بنەمایەک بۆ رێککەوتنێکی درێژخایەن لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.

رۆژی شەممە 15-08-2020 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێکرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر رێککەوتنێک، دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات.

 لە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا هاتووە، بڕی 320 ملیار دیناری عێراقی بۆ هەریەک لە مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەم بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت بەمەبەستی پڕکردنەوەی هەندێک لە خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان، کە نابێت بڕەکەی زیاتربێت لەو پارەی حکومەتی ناوەندی کە لە ساڵی 2019 داویەتی.

یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتییە لە "لەماوەی زیاتر نەبێت لە 35 رۆژ، رێککەوتن دەکرێت لەسەر میکانیزمی دانەوە و خشتەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە بانکی TBI".

سەرپەیڤ