ئه‌یلوول 13, 2020 17:04 Asia/Tehran
  • ئایەتوڵڵا سیستانی : پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

نوسینگەی ئایەتوڵڵا سەیدعەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبونەوەی سیستانی و جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگروتوەکان لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پێویستە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

نوسینگەی  ئایەتوڵڵا سیستانی لە بەیاننامەکەدا باسی لەوەکردوە، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ساڵی داهاتو بەڕێوەبچێت گرنگی زۆری هەیە و پێویست دەکات سەرجەم رێنمایی و رێکارەکان بۆ بەڕێوەچونی پیشەیانەی پرۆسەکە بگیرێنەبەر، بۆ ئەوەی هانی هاوڵاتیان بدرێت بە گەرموگوڕی بەشداری بکەن، بۆیە پێویستە هەڵبژاردنەکان بەیاسایەکی دادپەروەرانە کە دووربێت لە بەرژەوەندی بەشێکی هێزە سیاسییەکان و بەهەماهەنگی نەتەوە یەکگرتوەکان بەڕێوەبچێت".

 لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، هەڵبژاردنی پێشوەخت پێدانی دەرفەتە بە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و دور لەفشار نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، نوێنەرانێک کە شایستە بن و کار بۆ چارەسەری کێشەکان بکەن، بەپێچەوانەوە جێبەجێنەکردنی ئەو پێشمەرجانە وادەکات هەڵبژاردنی پێشوەخت کێشەکان ئاڵۆزتر بکات و هەڕەشە لەسەر داهاتووی وڵات و رۆڵەکانی دروست دەکات.

پەیوەست بە هەنگاوەکانی حکومەتیش مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق باسی لەوەکردوە، حکومەتی عێراق بەهەمو توانای خۆیەوە بەردەوام بێت لە بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کۆنتڕۆڵی خاڵە سنورییەکان، باشترکردنی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان، سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت و هێشتنەوەی چەک لەدەستی حکومەت، هەروەها رێگە نەدات بە دابەشکردنی وڵات و حکومڕانیکردنی ناوچەکان لەلایەن گروپی چەکداری جیاواز و بەناوی جیاواز لەدەرەوەی یاسا.

ئەوەش هاتووە، حکومەت هەنگاوی کرداری بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی گەورە دەستپێبکات دور لە تۆڵەسەندنەوە، ئەوەش بە ئاماجی بەسزاگەیاندنی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی مافی گەل، هەروەها حکومەت لێکۆڵینەوە لە گروپە تاوانکارییەکان بکات کە خەڵکی بێ تاوان دەکوژن و روبەڕوی یاسایان بکاتەوە.

ئایەتوڵڵا سیستانی لەبارەی پاراستنی سەروەری عێراق ئەوەی خستوەتەڕو، پاراستنی سەروەری عێراق و رێگرتن لەدەستوەردانی دەرەکی ئەرکی هەموانە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گەلانی عێراقە، ئەو بابەتە نابێت تێکەڵ بکرێت بە بەرژەوەندی کەسی، حیزبی و ناوچەییەوە و پێویستە هەموان لە ئاست بەرپرسیارییەوە مامەڵە بکەن لە پاراستنی سەروەری عێراق، سەربەخۆیی و پاراستنی سەربەخۆی بڕیاری سیاسی و نیشتیمانییان.

سەرپەیڤ