تشرینی یه‌که‌م 11, 2020 10:00 Asia/Tehran
  • وه‌زیرى دارایى عیراق: پاشه‌کشه‌ى نرخى نه‌وت کاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و هه‌رێم داناوه‌

عەبدولئەمیر عەللاوی وەزیری دارایی عیراق دەڵێت "کێشە لە دابینکردنی موچەی چەند مانگی داهاتودا هەیە"، پێشیوایە پاشەکشەی نرخی نەوتی خاو کاریگەری لەسەر کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان داناوە.

عیراق وەک یەکێک لە وڵاتانی هەناردەکارانی سەرەکیی نەوت، کەوتوەتە ژێر کاریگەریی کەمبونەوەی نرخەکەی و پەتای کۆرۆناش زیانی گەورەی ئابوری لێداوە، بۆیە موچەی مانگی 9ی ئەمساڵ درەنگ دابەشکرا و کێشەی دروستکردوە.

لەبارەی رەوشی ئێستای دارایی و ئابوریی عیراقیش، عەبدولئەمیر عەللاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی "رۆژی سێشەممەی داهاتو وەرەقەی سپیی چاکسازی رادەستی پەرلەمان دەکەین و تێیدا بنچینەی کێشەکان و چارەسەرەکان دیاریکراون، هەرچەندە قورس دەبێت، بەڵام هیچ شوێنگەرەوەیەکی دیکەی نییە".

وتیشی "بەبێ‌ پەسەندکردنی یاسای قەرز، کێشەمان لە دابینکردنی موچەی چەند مانگی داهاتودا دەبێت، چونکە داهاتی نەوت لە چەند مانگی داهاتودا لە 15 تریلیۆن دینار تێناپەڕێت، لەکاتێکدا خەرجیەکان لە مانگی ئەیلول تا کۆتایی ساڵ بە 58 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت".

هەرچی سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عیراق، عەبدولئەمیر عەللاوی رایگەیاند، ئەوە رێژەی دانیشتوان دیاری دەکات، کێشەکانی نێوان هەردوولاش بەهۆی هەناردەی نەوتەوە دەستیپێکرد، پاشەکشەی نرخی نەوتیش کاریگەری لەسەر کێشەکان داناوە، هەروەها هەرێم 25%ی داهات دەدات بە کۆمپانیاکان و پرۆسەی گواستنەوەی نەوت بە کرێ‌ ئەنجامدەدرێت، قەرزاری کۆمپانیاکانی تایبەت بە بواری نەوتیشە.

سەرپەیڤ