مستەفا کازمی فەرمانی داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکانی دەرکرد
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریی داخستنی دەروازە سنورییە نافەرمییەکانی دەرکرد.
بە پێی ھەواڵی میدیکاانی ھەرێم ، لە بەیاننامەیەکدا دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بڵاویکردۆتەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دەستەکەی بڕیاریداوە بە داخستنی سەرجەم دەروازە سنورییە نافەرمییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریداوە بە گواستنەوەی کارمەندانی دەزگای هەواڵگری بۆسەر میلاکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، لەپێناو باشتر کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازانە لە رووی ئەمنییەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە لەوەی پێویستە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی دەستەکە پابەندی ئەو بڕیارانە بن کە لە کۆبوونەوەکاندا دەردەچن، کە نوێنەرانی وەزاڕەت و دەستە و پارێزگاکانی نزیک لە دەروازە سنورییەکان بەشداری تێدا دەکەن و ئەندامن تیایدا.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوەشکراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە بایەخی گەشەپێدانی دەروازە سنورییەکان و هاندانی وەبەرهێنان تیایاندا، هەروەها پەلەکردن لە تەواوکردنی کارەکانی ڕێوشوێنە گومرگییەکان، لە پێناو کۆتایی هێنان بە گەندەڵی ئیداری دارایی.