ئاستەنگییە گەورەکانی روبەڕووی مرۆڤایەتی و رۆڵی رێبەرانی ئاینیی لە سنوردانان بۆ ئەو نەهامەتییانە، تەوەری وتووێژی پاپا و سیستانی
نوسینگەی ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان رایگەیاند، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان عەلی سیستانی و پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کە روبەڕوی مرۆڤایەتی بونەتەوە و جەخت کراوەتەوە لەوەی دەبێت رێبەرانی ئاینیی رۆڵیان هەبێت لەسنوردانان بۆ ئەو نەهامەتییانەی جیهاندا پێیدا تێپەڕدەبێت.
نوسینگەی ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی پێشوازی لە پاپا فرانسیس پاپای کاتولیکی و سەرۆکی دەوڵەتی ڤاتیکان کردوە، لەدیدارێکدا باس لەو ئاستەنگییە گەورانە کراوە کەرووبەڕووی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا بونەتەوە، لەگەڵ باوەڕ بە خوا، پەیامەکانی و پابەندون بە بنەما ئەخلاقییە بەرزەکان.
ئەوەش هاتووە، ئایەتوڵڵا سیستانی لەو دیدارەدا باسی لەو گرفتانە کردوە کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا بونی هەیە لەوانەش ستەمکاری، هەژاری، ستەم لەسەر بنەمای جیاوازی ئاینی، پێشێلکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و نەبونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەروەها ئاماژەیکرد بەوەی زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە بەدەست جەنگ، توندوتیژی، ئابڵوقەی ئابوری و هەڵمەتەکانی کۆچپێکردن دەناڵێنن، لەناو ئەوانەشدا دۆخی گەلی فەلەستین لەسەر خاکی داگیراویدا.
نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان ئاماژەی بەوەشکردوە، سیستانی باسی لەکاریگەری رێبەرانی ئاینیی کردوە بۆ سنوردانان بۆ نەهامەتییەکان بە گرتنەبەری چارەسەرە دانایی و عەقڵانییەکان لەجێگەی شەڕو ناکۆکی، هەروەها داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هاوسۆزی مرۆڤایەتی لەسەرجەم کۆمەڵگاکاندا لەگەڵ رێزگرتن لەبیروبۆچون و ئایینە جیاوازەکان.
هاوکات ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق داوای كردبوو كە بۆماوەیەك و دوور لەچاوی كامێراكان لەگەڵ پاپا فرانسیس كۆببنەوە و دوای كۆبونەوەكە و بەبێ هیچ لێدوانێك پاپا شاری نەجەفی بەجێهێشت و بەرەو پارێزگای زیقار بەرێكەوت.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە کریستیانەکانی عێراق کە لە ساڵی 2003ەوە و بەتایبەت تر بەهۆی هاتنی داعش لە ساڵی 2014، ژمارەیان لە کەمبوونەوەدا بووە و ئێستا نزیکەی تەنها 400 هەزاریان لە عێراق ماون، سیستانی بە پاپا فرانسیسی راگەیاندووە، "پێداگیرە کە هاووڵاتیانی کریستیان وەک هاووڵاتیانی دیکەی عێراق خاوەنی ئارامی و ئاشتی و تێکرای مافە دەستوورییەکانیانن و بەردەوام کاریان کردووە بۆ پاراستنی کریستیانەکان لە عێراق، بە تایبەت لە کاتی هاتنی داعش لە ساڵی 2014.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوەکراوە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس دەربریووە و ئەو سەردانەی زۆر بە گرنگ وەسف کردووە.