سەرۆک وەزیرانی عێراق و رێکخەری کۆشکی سپی باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن
«مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی «برێت مهکگۆرگ»، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا کۆبووەوە و باسیان لەدەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریکا-عێراق، وەبەرهێنان، پاراستنی سەروەریی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە،نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە مستەفا کازمی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی برێت مهکگۆرگ، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا کۆبووەوەو لەکۆبوونەوەکەدا پرسی هەماهەنگی لەسەرجەم بوارەکان، دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ستراتیژی ئەمریکا-عێراق و ھەڵدرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردو وڵات تاوتوێ کرا.
وەک باسیشی دەکرێت، ھەرلەکۆبوونەوەکەدا فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوری، کلتوری و بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات لێک دراوەتەوەوهەروەها بۆ دۆخی ناوچەکەش جەخت لەزمانی گفتوگۆ کراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە وەھا دیدارێکی ھاوچەشنیش لە نێوان «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق و «برێت مهکگۆرگ» و شاندەکەی ھاوڕێی بەڕێوەبراو ھەردووک لا لە بارەی پرسە جێس سەرنجەکانی دوو وڵاتی عێراق و ئەمریکا بیروڕایان گۆڕییەوە.