«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق : ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ و رۆژێکی مێژوییە
«بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق و خاتوو «سەرباخ»ی ھاوسەری بەیانی ئەمڕۆ لە ھۆتێل «رەشید» لە بەغدا بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی کرد و رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ و رۆژێکی مێژوییە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی عێراق، «بەرهەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دوای ئەوەی لەگەڵ دکتۆر «سەرباخ»ی ھاوسەری خانمی لە ھۆتێل رەشید لە بەغدا بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان کرد، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ و رۆژێکی مێژوییە، بەهیوای ئەوەی هاوڵاتیانی عێراق بتوانن بەشداربن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ هەمو پێکهاتەکانی عێراق بە خەڵکی کوردستانیشەوە، بەشداری کردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن گرنگە بۆ ئەوەی دەنگی هاوڵاتی لە دیاریکردنی داھاتووی وڵاتەکەیاندا بەرجەستە ببێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە و هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە و کۆمەڵێک پرسی گرنگی چارەنووسساز سەبارەت بە هاوڵاتی و داھاتووی عێراق تیایدا یەکلایی دەکرێتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە، بەڵێنەکەیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بردووەتەسەرو لە ئێستادا عێراق لە سەرکەوتنێکەوە بۆ سەرکەوتنێکی دیکە دەڕوات، دیارە عێراق شایەنی باشترینە.
کاتژمێر حەوتیی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە دەستی پێ کراو زیاتر لە ٢٤ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.