تشرینی یه‌که‌م 16, 2021 14:50 Asia/Tehran
  • هاوپەیمانییەکەی مالیکی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی راگەیاند

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە حزب و لایەنی دیکەی عێراق کە روانگەی نیشتیمانی هاوبەشیان بۆ حکومڕانی هەیە گەیشتونەتە رێککەوتن و خاوەنی 93 کورسی پەرلەمانن، بەو پێیەش دەبنە گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

محەمەد سەیهود، سەرکردەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی راگەیاندوە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە روانگەی نیشتیمانی هاوبەشیان بۆ حکومڕانی هەیە گەیشتونەتە رێککەوتن و خاوەنی 93 کورسین لەخولی داهاتوی پەرلەماندا، ئەو ژمارەیەش بەبەردەوامی لەزیادبوندایە.

باسی لەوەشکردوە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان دەستپێکردوە و لەچەند رۆژی داهاتوشدا هاوپەیمانییەکە بەفەرمی رادەگەیەنن و لەم کاتەدا چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

لەبارەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیش محەمەد سەیهود دەڵێت، "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ سەرجەم لایەنەکان پابەندکارییە کە دەڵێت گەورەترین کوتلە بریتییە لەو فراکسیۆنەی زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە و لەیەکەمین دانیشتنی پەرلەماندا بەواژۆی سەرجەم ئەندامەکانی ناوی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی نوێ دەخاتە بەردەم پەرلەمان".

لەکاتێکدا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەهاوکاری هاوپەیمانی فەتح و بەشێک لەلایەنەکانی دیکە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دەستپێکردوە و وەک خۆیان باسی دەکەن تائێستا هاوپەیمانییەکەیان بە 93 پەرلەمانتارەوە ئامادەیە، ئەم هەوڵە رەوتی سەدری نیگەران کردوە کە براوەی هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەم بوە و 73 کورسی پەرلەمانی هەیە، بۆیە هۆشداریانداوە بە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و دەڵێن "تاقیکرایتەوە و سەرکەوتوو نەبوویت".

سەرپەیڤ