داهاتی نەوتی عێراق نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیادی کرد
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند مانگی رابردوو 96 ملیۆن و 708 هەزار و 660 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، داهاتی ئەو نەوتەش 7 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار بووە. کە بەراورد بە مانگی رابردوو نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیادبووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داهاتی مانگانەی بەدەستهاتووی لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئۆکتۆبەر ئاشکراکرد، کە بەپێی داتاکان بڕی ئەو نەوتە خاوەی لەکێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەناردەکراوە 93 ملیۆن و 386 هەزار و 957 بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە کێڵگەکانی کەرکووک بڕی 3 ملیۆن و 11 هەزار و 917 بەرمیل بەرەو بەندەری جەیهان هەناردەکراوە، هەروەها 309 هەزار و 768 بەرمیل نەوتیش هەناردەی ئوردن کراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت، عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەر رۆژانە بە تێکڕا 3 ملیۆن و 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، نرخی تێکڕای هەر بەرمیلێکیش 79 دۆلار و 37 سەنت بووە. بەمەش کۆی داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا 7 ملیار و 680 ملیۆن دۆلار بووە.
داهاتی مانگی ئەیلوولی 2021ی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت 6 ملیار و 777 ملیۆن و 134 هەزار دۆلار بوو، بڕی ئەو نەوتەشی هەناردەی کردبوو 92 ملیۆن و 422 هەزار و 458 بەرمیل نەوت و نرخی بەرمیلی نەوتی فرۆشراویش بە 73 دۆلار و 32 سەنت بووە.
داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگی ئەیلول 903 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە. عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بەهۆی زیادبوونی نرخی جیهانیی نەوتەوە، بڕی داهاتەکانی عێراق زیادیانکردووە.