تشرینی دووه‌م 14, 2021 14:09 Asia/Tehran
  • حکومەتی عێراق شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسی کۆچبەران رەوانەی ئەڵمانیا دەکات

شاندێکی حکومەتی عێراق لە چەند رۆژی داهاتودا سەردانی ئەڵمانیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا باس لە قەیرانی کۆچبەرانی عێراقی دەکەن، کە لە سنوری بیلاروسیا و پۆڵندا گیریانخواردوە، هەروەها داوای چارەسەری ڕاستەقینە دەکات بۆ ئەو خێزانانەی کە داواکانی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.

کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەت دەکات کە نوێنەری وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و مانەوە و ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری تیادایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە بەدوای "چارەسەری ڕاستەقینە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپادا دەگەڕێت بۆ کێشەی ئەو خێزانانەی کە داوای پەنابەرێتییان ڕەتکراوەتەوە، هەروەها سەردانی کەمپی پەنابەرانی کاتی ئەو خێزانانە دەکەن و بلیتی خۆڕایی فڕۆکە بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات".

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، هەزاران کەس لە چین و توێژەکان لە عێراقەوە کۆچیان کردوە بۆ بیلاڕوسیا و تورکیا بەمەبەستی کۆچکردنیان بۆ ئەورویا.ئەوەشی خستەڕو، کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەوڵی زۆریداوە بۆ چارەسەری کێشەی ئەو خێزانانەدا، بەتایبەتی ئەوانەی خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە.

هەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردی ھەرێمی کوردستانن، چەند رۆژێکە لە سنوری نێوان هەردو وڵاتی بیلاڕوسیا و پۆڵندا گیریان خواردوە، لە هەمان کاتدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانییەکی جددیی لە بارودۆخیان دەربڕیوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، کە گەشتیارانی عێراق بۆ بیلاروسیا مەترسی ڕاستەقینەیان لەسەرە و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ ڕێگەگرتنە لەوەی گەشتیارانی عێراقی کۆچ نەکەن بەردەوام دەبێت.

رونیشیکردوەتەوە، وەزارەتی دەرەوە تێڕوانینێکی بۆ دیالۆگ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەر کۆچی عێراقییەکان بۆ دەرەوەی وڵات گرتوەتە بەر، هەروەها گەشت بۆ دەرەوەی وڵات لەڕوی یاساییەوە لە ڕێگەی دەزگا فەرمیەکانەوە دەبێت.

سەرپەیڤ