کازمی: کاردەکەین بۆ هێنانەوەى سەرجەم کۆچبەرانی گیرخواردوو
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کۆبووە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی کۆچبەرانی عێراق لە ئەوروپا کرا و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد" کە حکومەتی فیدڕاڵ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی کە لەسەر سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا گیریان خواردوە".
بە گوێرەی ھەواڵێکی سپی میدیا و بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، مستەفا کازمی پێشوازی لە مارگرێتیس چیناس، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کرد و تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی عێراق و یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئاستە جیاجیاکان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە" لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا پرسی ئەو کۆچبەرە عێراقییانە تاوتوێ کراوە کە لەسەر سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا گیریان خواردوە".
لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی کاردەکات لەسەر گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی سەرجەم کۆچبەرە عێراقییە گیرخواردوەکان بەشێوەیەک کە شکۆیان پارێزراو بێت.
لای خۆیشییەوە جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، پێزانینی یەکێتی ئەوروپای بۆ عێراق دەربڕی و جەختیشی لە گرنگی هاوکاری هاوبەشی هەردوولا کردەوە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی عێراق.