جەختی عامری لە سەر کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی لە عێراق
سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح پێی داگرت: مانەوەی لەشکریانی ئەمریکی بە ھەر ناووناتۆرێک جێگای قەبووڵ نییە.
«ھادی عامری» لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی ڕۆژی سێ شەممە لە بەیاننامەیەک دا لە سەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکی لە عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی پێی داگرت.
عامری وتی: دەبێ تەواوی ئەو بنکانەی کە ھێزەکانی ئەمریکی تیایاندا چالاکن ھەتا کۆتایی ئەمساڵە زایینییە ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت و پێویستیی ھەرچەشنە ئامادە بوونێکی راھێنەرو موستەشار لە لایەن سەرکردە باڵاکانی سوپای عێراقەوە بە بەڵگەو ھۆکارەوە دیاری دەکرێت.
عامری وتیشی: ھاتوچۆی موستەشارو ھێزە تەکنیکی و ڕاھێنەرەکان دەبێ بە پێی یاساو ڕێساو بە گوێرەی ڕێزنان لە دەستەڵات و سەروەریی عێراق بێت.
پێشتر ئەوە ڕاگەیەندرا بوو کە لەشکریانی ئەمریکی ھەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ئامدە بوونی چەکدارو جەنگاوەرانیان لە عێراق دا کۆتایی پێ دێنن.