ئادار 09, 2022 19:50 Asia/Tehran
  • کرانه‌وه‌ی فه‌رمیانەی پێشانگای تایبه‌تی و پسپۆڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ که‌رکوک

رۆژی چوارشه‌مه‌ به‌رواری 09ی ئازاری 2022ی زایینی، به‌ شێوه‌ی فه‌رمی یه‌که‌مین پێشانگای تایبه‌ت و پسپۆڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ که‌رکوک به‌ ئاماده‌بوون و وتاری «راکان سەعید عەلی جبوری» پارێزگاری که‌رکوک، «مه‌هدی شوشته‌ری» سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سلێمانی، «سەباحەدین ساڵحی» سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی که‌رکوک و خاتوو «زه‌هرا شەیبان حەمادی» به‌ڕێوبه‌ری گشتیی کۆمپانیای (الاسواق المرکزی)ی عێراق کرایه‌وه‌.

له‌م رێوڕه‌سمه‌دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراق و کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ به‌رپرسانی پارێزگا و چالاکانی ئابووری و بازرگانیی که‌رکوک ئاماده‌ی بوون، «مه‌هدی شوشته‌ری» سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ تایبه‌ت عێراق له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی له‌پێشینه‌ی ده‌ره‌وه‌ی دەوڵەتی سیانزه‌یه‌می کۆماری ئیسلامیی ئێران دایه‌ و پێویسته‌ هه‌وڵه‌کان بۆ په‌ره‌پێدان و قوڵکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ ته‌واوی بواره‌کان چڕ بکرێنه‌وه‌.

به‌ڕێزی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ پێشانگایانه‌ هه‌نگاوێکه‌ بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ناسیاریی کۆمپانیاکان و خه‌ڵکی که‌رکوک بەرامبەربه‌ کۆمپانیاو کاڵاکانی ئێران. «شوشته‌ری» ئاماژه‌ی به‌ پێگه‌ی که‌رکوک وه‌ک خاڵی به‌یه‌کگه‌ییشتنی نێوان پارێزگاکانی باکور له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و باشووری عێراق کرد و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی بازرگانان و کۆمپانیاکانی که‌رکوک له‌گه‌ڵ بازرگانان و کۆمپانیا ئێرانیه‌کان کرده‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئاماده‌یی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یارمه‌تیدانی که‌رکوک له‌ مەڕ په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانیی که‌رکوک ده‌ربڕی.   لای خۆیه‌وه‌ «راکان جبوری» پارێزگاری که‌رکوکیش رایگه‌یاند که‌ ده‌رگای که‌رکوک بۆ هه‌موو وڵاتان له‌ نێویان دا کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوه‌یه‌ و پێگه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌رکوک ده‌توانێت رۆڵێکی کاریگه‌ری له‌سه‌ر راکێشانی کۆمپانیاکان بۆ ئه‌م پارێزگا گرنگه‌ هه‌بێت.   له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ سه‌رۆکی ژووری بازرگانیی که‌رکوک و به‌ڕێوبه‌ری «اسواق المرکزی»ی عێراق له‌ دوو وتاردا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی ئه‌م پێشانگایه‌ بۆ ناساندنی کاڵا و به‌رهه‌مه‌ کواڵێتیه‌کانی ئێران به‌ بازرگانان و چالاکانی ئابووری کرده‌وه‌. له‌ کۆتایی رێوڕه‌سمه‌که‌دا پارێزگاری که‌رکوک هاوڕێ له‌گه‌ڵ سه‌رکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا سه‌ردانی به‌شێک له‌ غورفه‌کانیان کرد.   دواتر «شوشته‌ری» به‌ هاوڕێیه‌تی راوێژکاری ئابووریی سه‌رکونسوڵگه‌ری بۆ ماوه‌ی دوو کاژێر سه‌ردانی غورفه‌ و کۆمپانیا ئێرانیه‌کانی کرد و له‌ نزیکه‌وه‌ گوێبیستی کێشه‌ و گرفته‌کانیان بوو.    یه‌که‌مین پێشانگای تایبه‌ت و پسپۆڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ 8 تاکو 12ی ئازاری 2022ی زایینی و بۆ ماوه‌ی 5 رۆژ و به‌ ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ 50 کۆمپانیای ئێران و له‌ چوارچێوه‌ی 10 گروپی جیاوازی کاڵا دا که‌ له‌ نێویان دا چه‌ندین کۆمپانیای زانست بنەماش  بوونی هه‌یە، له‌ «سوق المرکزی» شاری که‌رکوک به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سەرپەیڤ