ئەندامی پەرلەمانی عێراق: دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ڕەخسێندراوە
ئەندامی پەرلەمانی عێراق: دەرفەتێکی نوێ بۆ ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا ڕەخسێندراوە
کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ میدیای فەرمیى حزبەکەی راگەیاند: ئێستا دەرفەتێکی تازە بۆ رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتە پێشەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشە و گرفتانە بهێندرێت، کە ماوەیەکی زۆرە لەبارەی دۆسییەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم لە نێوان هەردوولا بەهەڵواسراوەیی ماوەتەوە.
ئاماژەى بەوەش کردوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ لەبارەی نادەستووری بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم، هاوکات قۆناغی دوای هەڵبژاردنی10/10ی ساڵی رابردوو وایکردووە گفتوگۆی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ دەستپێبکاتەوە، تاکوو لەسەر ئەو بنەمایانە رێکەوتنێکی تازە ئەنجام بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەشکردوە، بۆ ئەوەی کێشەکە لەبنەڕەتدا چارەسەر بکرێت، پێویستە لەدوای پێکهێنانی حکوومەت جگە لەرێکەوتنی سیاسی، کار بۆ ئامادە کردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق بکرێت، بەمەش ئەرک و مافەکانی هەرێمی کوردستان دیار دەبێت، ئەوکات ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەبێت.
هەروەها پەرلەمانتارەکەى یەکێتى جەختی کردوەتەوە کە ئێستا عێراق وەک دەوڵەت بڕیاری دادگای فیدراڵی بەدەستەوە و لەپەرلەمانیش بە زۆرینە و کەمینە دەتوانێ پرسەکان یەکلا بکاتەوە.