May 17, 2022 13:52 Asia/Tehran
  • دەرکرانی بڕیاری گرتن بۆ «ھۆشیار زێباری»

سه‌رچاوه‌یه‌کی دادوه‌ری له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاند، دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌رخ بڕیارێکی ده‌رکردووه‌ بۆ ده‌ستگیرکردنی هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ تۆمه‌تی سوکایه‌تیکردن به‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی که‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌ له‌ عێراقدا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، دادگای لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌رخ له‌ رۆژی ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ به‌ پشتبه‌ستن به‌ سکاڵایه‌ک که‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری یاسایی دادگای باڵای فیدڕاڵیه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی تاوانی چه‌ندین جار سوکایه‌تیکردن به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، بڕیاری گرتنی بۆ «هۆشیار زێباری» ده‌رکرد .

«هۆشیار زێباری» له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌کدا ڕه‌خنه‌ی له‌و بڕیارانه‌ گرتبوو که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراقه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت دادگای باڵای فیدڕاڵی ده‌رکرابوون، تایبه‌ت به‌ ده‌رکردنی بڕیاره‌کانی په‌یوه‌ست به‌ پرسه‌ سیاسییه‌کان، که‌ دوایینیان تۆمه‌ته‌که‌ی دوێنێی هۆشیار زێباری بوو که‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای ئاسایشی خۆراکی به‌ بڕیارێکی لایه‌نگر وه‌سفکرد و رایگه‌یاند: بڕیاره‌که‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌ڕوی ئه‌منی و ئابورییه‌وه‌ زیان به‌ هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت.

٦ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سکاڵای چوار په‌رله‌مانتار که‌ سیانیان یه‌کێتیین و ئه‌وی تریان سه‌ربه‌خۆیه‌، له‌باره‌ی بڕیاری په‌سه‌ندکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق کۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، که‌ په‌سه‌ندکردنی کاندیکردنی هۆشیاری زێباری له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ده‌ستوری نه‌بووه‌، چونکه‌ ئه‌و کاندیده‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی تیادا نیه‌ که‌ له‌ مادده‌ی ٦٨ی ده‌ستوردا هاتون، ئه‌مه‌ش پێشێلکار راشکانه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌ به‌وپێیه‌ی مه‌رجه‌کانی "باشیی ناوبانگ"ی تێدا نییه‌. 

رۆژی ١٣ی شوبات دادگای فیدڕاڵی جارێکی دیکه‌ له‌باره‌ی دۆسیه‌که‌وه‌ کۆبوه‌وه‌ و بڕیاری دا که‌ هۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار کاندید بکات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێشتر دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بووه‌و له‌ پۆستی وه‌زیری دارایی متمانه‌ی لێ سەندراوەتەوە.

سەرپەیڤ