حوزه‌یران 13, 2022 10:19 Asia/Tehran
  • جەعفەر سەدر لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کشایەوە

جەعفەر سەدر، کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشانەوەی خۆی لە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت راگەیاند و سوپاسی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمانی کرد بۆ بەخشینی ئەو متمانەیەی بەویان هەبوو بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی نوێ لە قۆناغی داهاتودا.

جەعفەر سەدر لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، کاتێک داواکارییەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لە حکومەتی نوێی عێراقدا پەسەندکرد هۆکارەکەی ئەوەبو کە باوەڕی بە پڕۆژە "چاکسازی و نیشتیمانییەکەی" رەوتی سەدر هەبوو، بۆیە باوەڕی وایە ئێستا کاتی داوای لێبوردن و کشانەوەیە لەو بەرپرسیاریەتییە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سوپاسی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی "رزگاری نیشتیمانی" دەکات کە متمانەیان بە تواناکانی هەبوو و وەک کاندیدی گەورەترین هاوپەیمانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدیان کرد.

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی کرد دەستلەکارکێشانەوەکەیان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر نوسیبویان، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، شەوی رابردو محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندکرد.

 

سەرپەیڤ