ته‌مووز 19, 2022 09:21 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام بوو

کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام کۆتایی هات و بڕیارە ئەم حەوتەیە جارێکى دیکە سەرۆکایەتى و فراکسیۆنەکان کۆببنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بێ ئەنجام کۆتایی هات و بڕیارە ئەم حەوتەیە جارێکى دیکە سەرۆکایەتى و فراکسیۆنەکان کۆببنەوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەو تیایدا لەبارەى چەند پرسێکەوە گفتوگۆیان کردووە کە گرنگترینیان پرسى دیاری کردنى رۆژێک بووە بۆ کۆبوونەوەى پەرلەمان بە مەبەستى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار.

وەک باسی دەکرێت کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکى نەبووە جگە لەوەى ژمارەیەک پڕۆژە یاسا دیاری کراون بۆ ئەوەى بخرێنە بەرنامەى کاری دانیشتنەکانى داهاتووەوە کە لەلایەن حکومەتەوە ئەو پرۆژە یاسایانە رەوانەى پەرلەمان کراون.

هاوکات دوای کۆبوونەوەکە پەرلەمانى عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە لە کۆبوونەوەکەدا بریای بەردەوامیی دەرچواندنی چەند پڕۆژەیاسایەک دراوە کە ئێستا لە پەرلەماندا هەن و پەیوەندییان بە خەڵکی و پێداویستییەکانیانەوە هەیە.  

ئەمەولەلایەکی دیکەوە،ئاماژە بەوەش کراوە کەلەسەر داوای«شاخەوان عەبدوڵڵا» جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لایەنە کوردییەکان،  ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی تر بکرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی واەی لایەنە کوردییەکان پێی گەیشتوون.  

جێگای ئاماژەیە، نزیکەى ١٠ مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجام دراوە بەڵام تاکو ئێستا سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوەو کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش دیاری نەکراوە تا گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان پێکبێت و حکومەت پێکبهێنرێت.

سەرپەیڤ