١٢ کوژراوو ٢٠٠ بریندار لە ئەنجامی بشێوییەکانی عێراق
میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاندووە: ١٢ کەس لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزامەندانەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کوژراون و ٢٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەرچاوە نەخۆشخانەییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە: ڕۆژی دووشەممە لە خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە ناوچەی سەوزی بەغدا 12 کەس گیانیان لە دەست داوە. وەک باسیشی دەکرێت ئەو کەسانە دوای زنجیرەیەک تەقەکردن گیانیان لەدەست داوە کە ئەنجام دەرانی دیار نین.
چاودێزی مافی مرۆڤ لە عێراق «هیومان ڕایتس وۆچ» وەک ڕێکخراوێکی جەماوەری ژمارەی بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی دووشەممەی بە ٢٠٠ کەس ڕاگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە دوابە دوای راگەیاندنەکەی «موقتەدا سەدر» لە مەڕ وازھێنانی لە چالاکیی سیاسی، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە ناوچەی سەوزی بەغدا و دوای چەند کاژێرێک، ھێزەکانی ئاسایشت کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنترۆڵ کردەوەو، لایەنگرانی موقتەدا سەدریش پاشەکشە لە ناوچەی سەوزی بەغدایان دەست پێ کرد.