داواکاریی چوارچێوەیەکی هەماهەنگیی شیعەکانی عێراق بۆ دەستپێ بوونەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە
دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و دژایەتیکردنی لەگەڵ داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان داوای دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی بەغدا ئەلیەوم، «رەفیق ئەلساڵحی» نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە داوای لە «محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، ھەرچی خێراتر کۆبوونەوەکانی دەزگای یاسادانانی عێراق دەستپێ بکاتەوە.
ئەلساڵحی باسی لەوەشکرد، دوای دژایەتیی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەگەڵ داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ، چیتر داخستنی ئەم دامەزراوەیە ڕەوا نییە و حەلبوسی بۆ مەبەستی سیاسی پەرلەمانی داخستووە.
رۆژی چوارشەممە، دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی داخوازییەکەی رەوتی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ، رایگەیاند: ڕاگەییشتن بەم بابەتە لە دەسەڵاتی ئەم دادگایەدا نییە.