تشرینی دووه‌م 05, 2022 11:40 Asia/Tehran
  • سودانی: ئێمە بەدوای باشترین پەیوەندیداین لەگەڵ دراوسێکانمان دا

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزانی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی بەغدا بەدوای ئەوەدایە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست و برادا دامەزرێنێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی حکومەتی عێراق، «محەمەد سودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بەجیا لەگەڵ باڵوێزانی هەندێک وڵاتی ناوچەکە کۆبووەوەو وتووێژی لەگەڵ کردن، لەوانە «تاریق ئەلفەرەج» باڵوێزی کوێت،«وەلید محەمەد ئیسماعیل» باڵوێزی میسرو«عەلیرەزا گۆنای» باڵوێزی تورکیا گفتوگۆیەکی هەبوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ڕێبازی حکومەت بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەماکانی هاوبەشی و هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر دامەزراوە، بە باڵوێزانی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدای ڕاگەیاند کە، وڵاتەکەی ئامادەیە باشترین پەیوەندیی دوو قۆڵیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و برا و دروست بکات.

هەروەها سودانی خواستی عێراقی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵی دەربڕی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتانی دۆست بکات.

ناوبراو ئامادە بوونی بەغدای بۆ بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بوارەکانی ئابوری، ڕۆشنبیری، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و هەروەها زیادکردنی تواناکانی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانی جیهانی ڕاگەیاند.

پێشتر سودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هیوای دەربڕی بوو کە بەغدا بەردەوام بێت لە میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە. هەر لەم پێوەندییەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی ھێندێک ئاماژەی پێگەیشتووە لەمەڕ ئەمەی کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە سەر ئاسانکاری و بەستێن خۆشکردن بۆ گفتوگۆی نێوان ڕیاز و تاران.

سەرپەیڤ