تشرینی دووه‌م 30, 2022 08:46 Asia/Tehran
  • شیاع سودانی: ئاسایشی ئێران و عێراق لە یەکتر جیا نین

سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەردانی تارانی کردووە، لە دیدار لەگەڵ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: ئاسایشی ئێران و عێراق لە یەکتر جیا نین.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی،«محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە، لە دیدار لەگەڵ حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وتی: بەگوێرەی دەستوور ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی ئاسایش.

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیژی و مێژووییەکانی ئێران و عێراق کرد و وتیشی: نمونەیەکی ڕوونی لەپاڵ یەکدا ڕاوەستانی ئێران و عێراق شەڕی داعش بوو، کاتێک خوێنی ئێرانییەکان و عێراقییەکان لە یەک سەنگەردا ئاوێتە بوون.

«شیاع سودانی» وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان «سەردار سولەیمانی» و «ئەبومەهدی موهەندیس»، ئەم دوو شەهیدە بەڕێزەی بە نموونەیەکی دیکەی لەپاڵ یەکدا ڕاوەستانی دوو نەتەوەی ئێران و عێراق زانی.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیرادەی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەتی لە بواری ئابووری دا ڕاگەیاند.

«محەممەد شیاع سودانی»، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی و ئابووری بەمەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران .

عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەبی ڕۆژئاوای ئاسیا، زۆرترین پەیوەندیی فەرهەنگی و ئایینی لەگەڵ ئێران دا هەیە.

بوونی درێژترین سنوور لە نێوان دراوسێکان واتە (نزیکەی 1258 کم سنووری وشکانی و 351 کم سنووری ئاوی)، پەیوەندی ڕەگەزی، مێژوویی، زمانەوانی، هاوبەشیی ئایینی و بوونی هەڕەشە و بەرژەوەندیی هاوبەشی ئەمنی و ئابووری لە ڕیزی ئەو خاڵە گرنگانەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران وعێراق دێنە ئەژمار.

 

سەرپەیڤ