کانونی دوھەم 20, 2023 14:58 Asia/Tehran
  • فۆئاد حسێن: سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزراوە

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دامەزراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، «فۆئاد حسێن»، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس لە دیدارێکدا لەگەڵ «فوبێک هۆکسترا»، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیییان کە گرنگیی هاوبەشیان هەیە، تاوتوێ کرد.

«فۆئاد حسێن» جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی عێراق پابەندە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی وڵات بە پشتبەستن بە دۆخی باشی دارایی وڵاتەکەی بە ئامانجی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە، سیاسەتی دەرەوەی عێراق لە سەر بناغەی نزیککردنەوەی بۆچوونی وڵاتانی دراوسێ و دیالۆگ و گرنگیدان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە ڕۆ نراوە کە دیارە ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی جیهان دادەنێت.

«فۆئاد حسین» ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان ئاسایشی عێراق و ئاسایشی ناوچەکە لە ئارادایە.

«فۆئاد حسین» ڕاشیگەیاندووە کە عێراق لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەمنیی سوریا دەکات، هەر نائارامییەک لە سوریا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەبێت و هۆکاری ئەمەش بوونی گروپە تیرۆریستییەکان لە  کەمپی «ئەلهۆڵ» و زیندانەکانی سوریا لە نزیک سنوورەکانی عێراقە.

«فۆئاد حسین» باسی لەوەشکرد کە، عێراق لە پێنج دەیەی ڕابردوودا شەڕو ئازارێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، سیاسەتی عێراقیش لە دوای ساڵی ٢٠٢٣ گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە و بەرەو دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی و پێشوازیکردن لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ڕۆیشتووە.

سەرپەیڤ