یاسای نەوت و گاز زۆرینەی ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەكات
بەدەر لەو كێشانەی كە ساڵانێكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەن و بە هەڵپەسێردراو ناویان دەبرێت، كێشە دارایی و نەوتییەكانی نێوان هەردوولا بوونەتە دوو كێشە كە پێویستە چارەسەرێكی بنبڕیان بۆ بكرێت، چونكە كار دەكەنە سەر بژێوی خەڵكی هەرێم و مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و كارەكانی حكوومەت و پڕۆژەكانیش، پەرلەمانتارێكی عێراق باسی گرنگیی دەركردنی یاسای نەوت و گاز و وادەی دەكردنی دەكات
بەدرێژایی ماوەی خوولەكانی پەرلەمانی عێراق چەند جارێك هەوڵی دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە عێراق دراوە، كە تەواوی كێشە نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی كێڵگە نەوتییەكان و ئیدارەدان و داهاتەكەی چارەسەر دەكات، چەند رەشنووسێكی یاساكە ئامادە كراوە، بەڵام بە هۆكاری سیاسی رووناكی نەبینیوە، ئێستەش هەوڵێكی رژد لە لایەن هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە بۆ دەركردنی یاساكە لە پەرلەمان، بۆ ئەو مەبەستەش لە 4ی نیسانی رابردوو هەردوولا رێككەوتنێكیان واژوو كرد.
عەلی عەبدوسەتار مەشكوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێشبینی دەكرێت یاسای نەوت و غاز لەم وەرزەی یاسادانانی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بێتە دەركردن، دووپاتی كردەوە كە یاساكە وەك گولەی لەناوبەری هەموو ناكۆكییە دارایی و نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە.
زیاتر گوتی، یاسای نەوت و غاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران گەڕێندراوەتەوە بۆ گۆڕینی هەندێك لە بڕگەكانی، بۆیە چاوەڕوانی تەواوبوونی گۆڕانكارییەكانین بۆ خستنەڕووی لە پەرلەمان لەم خولەدا، یاساكە پێوەندی نەوتی و دارایی لە نێوان پارێزگاكان و حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی رێك دەخات، بۆیە هۆكاری سەرەكیی هەوڵەكانی دەركردنی كۆتاهێنانە بە ناكۆكیی كۆنی نێوان هەردوو حكوومەت