ئاب 05, 2023 13:22 Asia/Tehran
  • کاتی جێبەجێکردنی یاسایی بودجە و پشکی هەرێم دیاریکرا

سامر ئەلحەمدانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند لە ماوەی ئەم هەفتەیە ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەسەر سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت گشتاندنی بۆ دەکرێت و بەو پێیەش یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

جێی باسە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە بەهۆی پەسەند نەکردنی ڕێنماییەکە، تا ئێستا بەشی هەرێم بەگوێرەی یاساکە نەنێردراوە، ئەو پارەیەی نێردراوە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم هەژمار دەکرێت تا دەرچوونی ڕێنمایی یاسای بودجە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 3ی8 بڕی ( 598) ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کراو ڕەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە، هەر ئەمڕۆش دابەشکردنی مووچە بەوەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات و خشتەی سەرجەم وەزارەتەکانیش ڕادەگەیەنرێت و ئەو کورتهێنانەشی دروست بووە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە.

شایەنی باسە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، ئەوە جگە لە خەرجی بەکاربردن و دام و دەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: کەحکومەتی عێراقی و وەزارەتی دارایی عێراق بەهیچ جۆرێک پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادو جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق.

ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە 1 ترلیۆن 384 ملیار دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە 906 ملیار دینار لە یاساکە تەرخان کراوە.

بەپێی ئینفاقی فیعلیش کە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێکڕای خەرجی مانگانە کاری پێدەکات پێویست بوو 1 ترلیۆن و174 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێکەوتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە

 

 

 

سەرپەیڤ