سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی: یاسای نەوت و گاز چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا دەكات
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، دانوستان لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەكان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سازان سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز، چونكە لەڕێگەی ئەو یاسایەوە جیاوازی و ناكۆكی لەبارەی سامانی نەوت كۆتایی پێدەهێنێت.
جاسم عەتوانی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە سیاسییەكان بەرەو دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەنگاو بنێن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو بۆ قۆناغی ئێستا سەبارەت بە دۆسیەی نەوت.
وتیشی، "عێراق پێویستی بە لێكتێگەیشتنە لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ دەستەبەركردنی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەمو لایەنەكان، هەروەها سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و كۆتاییهێنان بەو ناكۆكیانەی كە هەن لەسەر دۆسیەی نەوت بەتایبەتی نێوان بەغدا و هەولێر".
ئەوەشیخستەڕو، یاساكە بەخشینی ئیمتیازات بە هەندێك لایەن بەسەر لایەنەكانی دیكەدا نەهێڵێت، ئەمە جگە لەوەی كلیلی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەیە كە مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی دروست دەكەن.