دوایین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا
کۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە بەغدا درێژەیان دەبێت و بەپێی زانیارییەكان تائێستا هەردوولا سەبارەت بە ناردنی پشكی هەرێم نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئێوارەی دوێنێ شاندێكی حكومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم گەیشتە بەغداد و شەوی رابردوو یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كۆبوونەوەكە كە تا درەنگانێكی شەوی رابردووی خایاندووە، بێ ئەنجام بووە و هەردوو شاند لەبارەی داواكارییەكانیانەوە دوورن لەیەكتر و نەگەیشتوون بە رێككەوتن.
شاندی هەرێمی کوردستانی عێڕاق داوای پشكی هەرێم بۆ مانگەكانی تەمموز و ئاب دەكات، حكومەتی ناوەندیش داوای یەكلاكردنەوەی داهاتی نانەوتی و یەكلاكردنەوەی قەرزەكانی و ئەو پارانە دەكات كە لەماوەی رابردوودا رەوانەی هەرێمی كردوون.
بڕیاریشە ئەمڕۆ شاندەكە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئەنجامبدات.
بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زیاتر لە 900 ملیار دینار پێویستە، بەڵام مانگی رابردوو حكومەتی ناوەند تەنها 598 ملیار دیناری رەوانەكرد.
سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگی حەوت ئەمڕۆش 31ی ئاب دوا رۆژی مانگی هەشتە، هێشتا فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی تەمموزی رابردوویان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتییان و مووچەخۆران سەرەڕای ئەوەی مووچەی مانگانەیان پێنادرێت، باج، رسومات و كرێی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك كارەبایان لەسەر زیادكراوە. لە بەرامبەریشدا كەسانی ناڕازی رووبەڕووی گرتن و ئەشكەنجە دەكرێنەوە.