کانونی یه‌که‌م 17, 2023 12:15 Asia/Tehran

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: حکومەتی فیدراڵ ئامادەیە بۆ گۆڕینی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

محمد شیاع السودانی لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بۆتە هۆی لەکیسچوونی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و تەنیا داهاتی نانەوتی بۆ هەرێم ماوەتەوە و ئەوەش کێشەکانی ئاڵۆزکاوتر کردووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی داگرت: حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە بۆ گۆڕینی یاسا بوودجەی گشتیی عێراق لەپێناو چارەسەر کردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ناوبراو وتیشی: لە یاسای بوودجەدا یان لە هەموو یاساکانی بوودجەی حکومەتانی پێشووی عێراقدا، بڕگەیەکی ڕوون وشەفاف هەیە سەبارەت بە خەرج و بەرجی گشتی و بەشی دوازدە پۆینت شەش لەسەدی هەرێمی کوردستانیش لەو خەرج و بەرجانەدا دیاری کراوە کە بەشێوەی مانگانە دابین دەکرێ، بەڵام بڕگەیەکی دیار و تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا نییە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: سەرۆک وەزیران لە حکومەتی فیدراڵیدا ئەرکی جێبەجێکردنی یاسای لە ئەستۆیە و ناتوانێ بە  یاسابەزێنی، فەرمانی هەناردەکرانی دراو بۆ هەرێمی کوردستان دەربکات ، هەربۆیە من بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم کێشەیە ناچار بە دانی قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بووم. سودانی وتیشی: جێبەجێ کردنی یاسای بوودجە ڕەوشێکی لەبار ناڕەخسێنێ بۆ حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات. ڕێگاچارەی یەکجاریی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، کۆتایی هێنان بەم دۆسییەیە و مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەروەک فەرمانبەرانی حکومەتی عێراقە. 

سەرپەیڤ