وەزیرى نەوتى عێراق: هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل دەبێت
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەم جار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکرێت. راشیگەیاند، وەک قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت.
"حەیان عەبدولغەنی" رایگەیاند،رێککەوتنى سێ قۆڵى لە نێوان حکومەتى فیدراڵى، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان ە سەرکەوتوویی واژۆ کرا.
وەزیرى نەوتى عێراق گوتى: بۆ یەکەمجار دواى زیاتر لە 20 ساڵ نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) دەکرێت کە باڵى فرۆشتنى نەوت و بەرهەمەکانێتى لە وەزارەتى نەوت.
سەرچاوەیەک لە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "ئەمڕۆ تیمەکانمان چوونەتە پیشابوور بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە کاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی شەممە. وەزیرى نەوتى عێراق گوتی: بەگوێرەى رێککەوتنەکە، نەوتى بەرهەمهێنراوى سەرجەم کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان وەردەگیرێت و بۆ قۆناخى یەکەم رۆژانە لە نێوان 180 بۆ 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.بەگوتەى حەیان عەبدولغەنى بەرهەمى ئێستاى رۆژانەى کێڵگەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان لە نێوان 240 بۆ 250 هەزار بەرمیلە کە 50 هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.